٢١ حوزەیران ٢٠١٧ - ٢٣:٤١

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باشوری شاری رەققەوە پێشڕەوی دەکەن و چەند ناوچەیەکی گرنگیان کۆنترۆڵ کردوەتەوە.

نوری مەحموود وتەبێژی هێزەکانی یەپەگە کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕاگەیاند کە كۆنترۆڵی کەناراوەکانی باشوری ڕوباری فوڕاتیان كردووە و لە شاری ڕەققەی ژێر دەسەڵاتی داعشدا نزیکبوونەتەوە، ڕاشیگەیاند کە پێشڕەویەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژئاواوە بەدرێژایی کەناراوەکانی باشوری ڕوبارەکە داعشی لە دەوروبەری کەسرەت ئەلفەجر وەدەرناوە.

لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەیانەوێت بە کۆنترۆڵکردنی باشوری کەناراوەکان ئابڵوقەی شارەکە بدەن کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەوە دوورن.

کاتێک ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە گەمارۆی شاری رەققەیان دا کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باشوری ڕوباری فوڕاتەوە.

هەرچەندە داعش دەستی گرت بەسەر کەناری باشوری ڕوبارەکەدا، بەڵام هێرشی ئاسمانی هێزە هاوبەیمانەکان ئەو پردەی تێکشکاندبوو کە کەنارەکە بە شارەکەوە دەبەسرێتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە درێژایی کەنارەکانی باشوری ڕوبارەکە پێشڕەویانکردوە بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی کەسرەت ئەلفەجر لەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان پردە کۆن و نوێکەی ڕەققەوە.

6ی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەركردایەتی ویلایەتەیە كگرتووەكانی ئەمەریكا، هێرشیان بۆ سەر شاری رەققە دەستپێكرد بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنەوەی لەدەستی چەكدارانی داعش.

مانگی تشرینی دووەمی‌ 2016 ەوە، ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی رەققە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات كەلەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانیان لێدەكرێت دەستیپێكرد و شەرڤانان ناوچەكانی‌ باكورو رۆژهەڵات و رۆژئاوای‌ رەققەیان كۆنتڕۆڵكردووەتەوە له‌گه‌ڵ چوار گه‌ڕه‌كی‌ شاره‌كه‌.

پارێزگای رەققە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئاوی فورات‌و 160 كیلۆمەتر لەرۆژئاوای شاری حەلەب دوورە، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی سەرژمێری فەرمیی لەساڵی 2008دا 191 هەزارو 784 كەس بووەو دوای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆی سوریاو داگیركردنی ئەوشارە لەلایەن داعشەوە، خەڵكێكی زۆری شارەكە كۆچیان كردووە.

لەساڵی 2013دا رەققە لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە كۆنتڕۆڵ كراو لەمانگی كانونی دووەمی 2014وە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵكرایەوە.

گرنگی رەققە لەوەدایە كە لەسەر رێگای بازرگانی نێوان شارە گەورەكانی سوریایە‌و دەكەوێتە نێوان شاری حەلەب كە بەپایتەختی پیشەسازی ئەو وڵاتە دادەنرێت‌، هەروەها پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان‌و هەروەها شارەكانی س.وریاو شاری موسڵ‌و بەغداد، پێكەوە دەبەستێتەوە.